باڵیۆز بەڵێنکی دیکەی داوە

هیندستان ژمارەیەک ئالەتی میوزیکی پێشکەش بە هەڵەبجە کرد

964+
ئەحمەد مستەفا

باڵیۆزی هیندستان لە هەولێر چووە وەزارەتی رۆشنبیری و زیاتر لە شەش ئالەتی میوزیکی وەک دیاری، رادەستی بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە کرد.

ئالەتەکان لە دەف، شمشاڵ، تەپڵ و نەی پێکهاتبوون، کە لەلایەن باڵیۆز پراشانت پیس رادەستی سەرخێڵ غەفار بەڕێوەبەری هونەر و رۆشنبیری هەڵەبجە کرا.

وەزارەتی رۆشنبیری ئەمڕۆ دووشەممە 5.8.2024، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “وەزیر بانگهێشت کردنی تیپە هونەرییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی هیندستان جەخت لێ کردووتەوە و خوازیاری هەرچی زیاتری پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە کولتووریانەیە لە نێوان هەردوولا بناغەیان دانراوە”.

باڵیۆزیش باسی لە گرنگی پێشخستنی پەیوەندییەکان و پڕۆژەکانیان کردووە و وتوویەتی، “هیندستان ئامادەیە لە بواری خوێندنی کولتوور و میوزیکدا، کورسی خوێندن وەک دیاری ببەخشێتە وەزارەت بۆ ئەوەی فێرخوازە کوردانەی، کە دەتوانن لەو بوارانەدا بچنە هیندستان و خوێندن تەواو بکەن”.

لەو سەردانەدا، مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی زیاتر لە شەش ئالەتی میوزیکی بۆ رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە وەک دیاری بەڕێوەچووە، بە گویرەی راگەیەندراوی وەزارەتی رۆشنبیری باڵیۆز وتوویەتی، “ئەوان ئامادەن ئامێری میوزیک و پێداویستی دیکەی هونەری بۆ تیپە هونەرییەکانی کوردستان دابین بکەن”.

وێنەکان سەردانی باڵیۆز و پێشکەشکردنی ئالەتە میوزیکییەکان دەردەخات – وێنە: وەزارەتی رۆشنبیری