کێشەیان لەگەڵ کۆمپانیایەک هەیە

ژمارەیەک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەستگیر کران

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە شەوی رابردووەوە چەند کەسێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەستگیرکراون و نوێنەری کاسبکارانیش دەڵێت، نزیکەی 33 کەس گیراون.

فاروق ئەحمەد نوێنەری کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵان بە 964ـی وت، شەوی رابردوو نزیکەی 30 کەس لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵان دەستگیر کراون و ئەم بەیانییەش سێ کەسی دیکە دەستگیر کراون.

باسی لەوەش کرد، چەند کەسێکیان ئەمڕۆ ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکیان تا ئەم ساتە ئازاد نەکراون، سەرجەمیان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراون.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئەوە بووە چەند کاسبکارێک دوێنێ هێرشیان کردووەتە سەر کەلوپەلەکانی کۆمپانیایەک و شکاندوویانە، هەر بۆیە لە دوێنێ شەوەوە دەستکراوە بە دەستگیرکردنیان.

کێشەی ئەو کاسبکارانە لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی خانووبەرەیە کە شاری ئەوینی دوو لەسەر ئەو زەوییانە دروست دەکات و پێشتریش چەندین جار کێشەیان لەگەڵ کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی هەبووە.

لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندیمان کرد بە ئاسایشی سليمانیەوە، بەڵام ئەوان هیچ لێدوانێکیان لەمبارەیەوە نەبوو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵ...

دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەتەوە