16 ساڵیش بەندکردن
مامۆستایهكی ئایینی سزای سێدارهی بۆ دهرچوو
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینیەکانی شاری بۆکان کە لە رەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ئێران سزای لهسێدارهدان و 16 ساڵ زیندانیشی بۆ دهرچوو.
مامۆستا محەمەد ماوەی ساڵێك و 6 مانگ و 19 رۆژ دەستبەسەر كراوه و لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش بووە، ههروهك رێكخراوی ههنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردووهتهوه.
بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوهكه، له مانگی خاكهلێوهی ئەمساڵ (نهورۆز)، لقی 41ی دادگای باڵای ئێران سزای سێدارە و 16 ساڵ بەندکردنی مامۆستا محەمەد خزرنەژادی وەک خۆی پشتڕاستکردووەتەوە، كه مامۆستای ئایینیه و تەمەنی 45 ساڵه و خەڵکی بۆکانە.
ئهو پێشتر لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی (فساد في الارض) سزای سێدارەی و بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای 15 ساڵ بەندکردن، ههروهها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
رێكخراوی ههنگاو ئاماژهی بهوه كردووه، دانیشتنی دادگایی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بووە و ئەم چالاکوانە ئایینیە کە زیاتر لە یەک ساڵە لە بەندیخانە دەستبەسەرە، مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم سزایە لەسەر بنەمای راپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەسەریدا سەپێندراوە و دادوەرەکە ئامادە نەبووە مافی بەرگری بە مامۆستا بدات.
خزرنەژاد رۆژی 19.11.2022 لە رەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.
“ناوبراو بۆ ماوەی 100 رۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کوڕەکەی لە دوای چەند رۆژ ئازاد کرا”، رێكخراوی ههنگاو وادهڵێت.