پەروەردەى رانیە: ئەگەر راست دەکەن با بیسەلمێنن
نوێنەرى وانەبێژان: پەروەردەى رانیە خوێندکارى زانکۆى کردووە بە وانەبێژ
964+
وریا فەتاح
بەقسەى نوێنەرى وانەبێژان بێت، پەروەردەى رانیە، بە دەر لە یاسا و رێنماییەکان ژمارەیەک وانەبێژى داناوە و مافى وانەبێژانى یەدەگى خواردووە، بەڕێوەبەرى پەروەردەى رانیەش دەڵێت، ئەو بابەتە راست نیە و مافى وانەبێژان نەخوراوە.
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەرى گشتى مامۆستایانى وانەبێژ بە 964ـى وت،”پەروەردەى رانیە بە دەر لە یاسا و رێنمایى ژمارەیەک وانەبێژیان داناوە کە بەشێکیان تائێستا لە قۆناغى چوارى زانکۆن و بڕوانامەیان وەرنەگرتووە”.
بە وتەى کاروخ عەبدوڵا، لە سنورى ئیدارەى راپەڕین نزیکەى 350 وانەبێژى یەدەگ هەیە کە بەشێکیان سەرەتایى ئەمساڵ بەهۆى رێکخستنەوەى میلاکات یان نەمانى بەشە وانە دورخرانەوە، بۆیە لە کاتى دروستبوونى هەر بۆشاییەکدا ئەولەویەت بۆ ئەو یەدەگانەیە، بەڵام پەروەردەى رانیە بەو کارەى مافى ئەو یەدەگانەى پێشێلکردووە.
بە بڕواى کاروخ عەبدوڵا، ئەگەر لە ناو وانەبێژانیش ئەو پسپۆڕییە نەبێت کە پەروەردە پێویستى پێیەتى، دەبوایە دانانى وانەبێژان بە فۆڕم بوایە، بەڵام پەروەردەى رانیە بە میزاجى شەخسى دایناون و نەگەڕاوەتەوە بۆ یاسا و رێنماییەکان.
لاى خۆیەوە ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەرى پەروەردەى رانیە بە 964ـى وت،”ئەو بابەتە راست نیە و چەواشەکارییە، نە مافى وانەبێژان خوراوە و نە رێگە بەوە دەدەین مافیان بخورێت، ئەوەى داشنراون هەر وانەبێژن”.
وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى رانیە باسى دەکات، ئەو وانەبێژانەى دانراون ژمارەیان 69 وانەبێژە لە سنورى چوارقوڕنە و سەروچاوە، لە نێوان رۆژانى 10 بۆ 20ـى 2ـى 2024 دانراون، واتا لەو کاتەى کە نوێنەرى وانەبێژان سەرجادەى گرتبوو رێگەى نەدەدات مامۆستایان بچنەوە دەوام یان ئەوەى بچوایەتە دەوام بە “کۆیلە” ناوزەندى دەکردن.
رونیشى کردەوە، ئەو 96 کەسە ئەو وانەبێژانەن کە فۆڕم بڕاوە نەبوون بە یەدەگ، بۆیە لەو کاتەدا کە بایکۆت بوو داوامان لە بەڕێوەبەرى خوێندنگەکان کرد کە دەرچووەکان دابنێن.
“ئەو وانەبێژانە بەبێ پڕکردنەوەى فۆڕم و دروستکردنى لیست و ریزبەندى دانراون، چونکە لەو کاتەدا لانیکەم سێ هەفتەمان پێویست بوو تا فۆڕم بدەین و ریزبەندى بکەین، بەمەش خوێندن دەفەوتا، بەڵام ئەوانەى دانراون وانەبێژن و دەرچووى زانکۆن”.
لەبارەى دانانى ئەو وانەبێژانەى کە تائێستا زانکۆیان تەواو نەکردووە، بەڕێوەبەرى پەروەردەى راپەرین وتى،”ئەوە راست نیە، ئەگەر راست دەکەن با بیسەلمێنن”.