بەڕێوەبەری پەروەردەکەی چی دەڵێت؟
بۆ ئەوەی سزای مامۆستاکانی نەدات دەستی لەکارکێشایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندێک لە کفری داوای دەستلەکار کێشانەوەی پێشکەش بە پەروەردەکەی کرد، بەوتەی خۆی بێت، “هۆکارەکەی ئەو فشارانە بووە، کە بۆ غیابدانی مامۆستایانی ئامادەنەبووی قوتابخانەکەی لێی داوا کراوە”.
بە قسەی پەروەردەی کفری بێت، تائێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکراوە، قوتابخانەکە دەکەوێتە، گوندی حەمکۆڵ و هەر بەناوی گوندەکەشەوە ناونراوە، نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە قەزای کفرییەوە دوورە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14.2.2024، قەیس عەبدولقادر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی حەمکۆڵ بە 964ى وت، دەستم نەدەچووە سزادانی مامۆستایانی قوتابخانەکەم، کە بڕیاری پەروەردە هەیە بۆ غیابدانی ئەو مامۆستایانەی رۆژانە، لە قوتابخانە ئامادەییان نییە و بایکۆتی خوێندنیان بەردەوامی پێداوە.
بە قسەی خۆی بێت، هەر بۆیە بڕیاریدا پێش پێدانی راپۆرتی دەوامکردن بە پەروەردەی کفری، دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە پەروەردەی قەزاکەی بکات، ئەو وتی، “داواکەشم قبوڵکراوە”، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەدەی قەزاکە دەڵێت، “قبوڵکردنی داواکەی فەرمانی وەزاری دەوێت”.
مامۆستایانی ناڕازی کفری و کەلار بەیەکەوە گردبوونەوە
قوتابخانەکەی مامۆستا قەیس، نزیکەی 30 خوێندکار، حەوت مامۆستای وانەبێژ و دوو مامۆستای میلاکی هەیە، ئەو ئاماژەی بەوەکرد،”زۆرینەی مامۆستایانی قوتابخانەکەم وانەبێژن و لە خانووی کرێدا نیشتەجێن، دۆخی موچەش بەو شێوەیە کە دەیزانین، بۆیە نەمویست بکەومە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو کارە کە خواستی خۆم نییە”.
لەبارەی داواکاری ئەو بەڕێوەبەرە، ئیسماعیل سەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای کفری بۆ 964 ئەوەی خستەڕوو، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە خۆی چووەتە لایان و دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە و پێی وتوون “ناتوانم بەردەوامبم لە پۆستەکەم”.
“ئێمە لاری نەبوونمان پێی داوە، بەڵام دەبێت فەرمانی وەزارەتی پەروەردەی بۆ بگەڕێتەوە، بۆ قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کە قبوڵ دەکرێت یان نا”، ئیسماعیل سەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای کفری وای وت.
سزادانەکان چین؟
لە بەرامبەر ئامادەنەبوونی، مامۆستاکان لە وانەکاندا، بە نەهاتوو رۆژانی دەوامیان بۆ هەژماردەکرێ و ئەو رۆژانەش بۆ ماوەی خزمەتیان لە کەرتی گشتی هەژمار ناکرێت.
داواکارییە سەرەکییەکانیان چین؟
پێدانی مووچە 30ی رۆژ جارێک.
پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە.
دامەزراندنی وانەبێژان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا