بەفیڕۆدانی ئاو کەمدەکاتەوە
شارەوانی کفری سیستەمی قەترە بۆ ئاودانی درەختەکان دادەنێت
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆکایەتی شارەوانی کفری باخچە و درەختی شەقامەکان رێکدەخاتەوە و سیستەمێکی مۆدێرن بۆ ئاودان بەکاردەهێنێت کە پێیدەوترێت قەترەکردن.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.2.2024، شارەوانی کفری ژمارەیەک نەمامی ئەلبیزیا، مۆرت و چەند جۆرێکی دیکە لە شەقامەکانی شارەکە رواندووە و دەڵێت، بۆ ئاودانی درەختەکان سیستەمی قەترەکردنی داناوە کە سیستەمێکی نوێیە و لەگەڵ گەرماکەی کفری دەگونجێت.
بڕیارە شارەوانی کفری لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا نزیکەی 2500 نەمام بروێنێت و هەموویان سیستەمی قەترەکردنیان بۆ رابکێشرێت، ئەوانەی ئەمڕۆش بەشێکن لەو نەمامانە، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری بە 964ـی وت.
سیستەمی ئاودێری قەترە یان دڵۆپە بریتیە لە دانانی تانکیەک و بەستنی بە ژمارەیەک بۆری و دەرچەی بچوک بچوک کە دەبێت لە نزیک رەگی درەختەکان جێگیربکرێن، لە رێگەی بۆرییەکانەوە ئاو دەگات بە دەرچەکان و پاشان بە شێوەی دڵۆپە دەگات بە رەگی درەختەکە.
شادیە حسێن، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، سیستەمی قەترەکردن بەفیڕۆدانی ئاو کەمدەکاتەوە و وا دەکات درەختەکە لەگەڵ کەمئاوی رابێت و ماوەی ئاودانیش درێژدەکاتەوە.
“بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە ئیدارەی گەرمیا، ئەم جۆرە سیستەمە سوودی زۆری دەبێت بۆ پاراستنی ئاو و راهێنانی درەخت بە کەمئاوی، بەراورد بە شێوازە کۆنەکە، بەم سیستەمە دەتوانرێت مەودای ئاودانی درەخت درێژبکرێتەوە”، شادیە حسێن وای وت.