لە سبەی شەووە دەتوانن دەریبکەن

پاسپۆرتی گەرمیان بوو بە ئەلیکترۆنی

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ چوارشەممە، سیستمی نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی 2⁄ گەرمیان بوو بە ئەلیکترۆنی، لە رۆژی یەکشەممەوە ھاوڵاتیان بە سیستمە نوێیەکە دەبنە خاوەنی پاسپۆرت.

لە شەوی پێنجشەممەوە کاتژمێر 9:00ـی شەو، ھاوڵاتیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەتوانن سەرە حیجز بکەن بۆ ئەو رۆژەی خۆیان دەیانەوێت.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ـی وت،”لە ئەمڕۆوە دەرھێنانی پاسپۆرت لە نووسینگەی گەرمیان بوو بە ئەلیکترۆنی، ھاوڵاتیان ئەو رۆژەی مامەڵەی دەرھێنانی پاسپۆرت دەکەن، ھەر ھەمان رۆژ دەتوانن وەریبگرنەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھاوڵاتی دەبێت پێشوەخت حجزی ئەلیکترۆنی بکات، ئەو رۆژەی کە دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکەی، ئەگەر ئامادە نەبێت بڕی پێنج ھەزار دینار سزا دەدرێت.

“ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 12 ساڵ و خاوەنی کارتی نیشتمانی نین، دێنە نووسینگەی پاسپۆرت نووسراوێکیان پێدەدرێت بۆ کارتی نیشتمانی، مامەڵەی کارتی نیشتمانیان بۆ ئەنجام دەدرێت، چونکە بەبێ کارتی نیشتمانی مامەڵەی دەرھێنانی پاسپۆرت ئەنجام نادرێت”، عەمید سالار عەبدوڵا وای وت.

حیجزکردنەکە بە شێوازێکە کە ئەو کەسەی دەیەوێت پاسپۆرت دەربکات، لە رێگەی ئەپێکەوە و بە ئەلیکترۆنی کات و کاتژمێری سەردانیکردنەکەی دیاریی دەکات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی