پێشتر بە نارنجۆک هەڕەشەى لێکراوە
ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییەک لە ماڵەکەیدا سوتێنرا
+964
میلاد جەلال-گەرمیان
بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، لە گەڕەکى کەلاری کۆنی قەزای کەلار، ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتییەک لە حەوشەی ماڵەکەیاندا سوتێنرا، سەرچاوەیەکى پۆلیسیش دەڵێت: کێشەى کۆمەڵایەتى هەیە.
رووداوەکە کاتژمێر 3:00ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ روویداوە، بەوتەى سەرچاوەیەک لە پۆلیسى گەرمیان کە بۆ 964 قسەى کردووە، وتى،”ئاگادار کراوینەتەوە کە ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتییەک سوتێنراوە، خاوەن ماڵەکە سکاڵای لە چوار کەس تومارکردوە کە گومانی لێیان ھەیە و پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا ھەبووە”.
“بە قسەی خاوەن ماڵەکە، پێشتر نارنجۆک خراوەتە ماڵیانەوە و لەئێستادا دۆسیەکەیان لە دادگایە”، سەرچاوەکەى پۆلیس واى وت.
هەرچەندە تائێستا کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح