ساڵی 2023
رێکخراوی داعش 165 هێرشی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە
964+
فەهمی نەبی
لەماوەی ساڵی 2023 رێکخراوی داعش 165 هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری سوریا ئەنجامداوە، لەو هێرشانە 89 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون.
بەگوێرەی ئامارێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، رێکخراوی داعش بە تێکڕای ساڵەکە 693 کەسی لە سوریا کوشتووە، لەو ژمارەیە 193 کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون.
هەر بەپێی ئامارەکەی روانگەی سوری 348 سەربازی سوپای سوریا و ملیشاکانی کوژراون، لەبەرامبەردا 46 ئەندامی رێکخراوی داعش بەدەستی سەربازانی سوریا و هێرشەکانی روسیا کوژراون.
82 سەرکردە و چەکداری داعش بە گورز وەشاندنی جیاواز کوژراون، 46یان بەدەستی روسیا و سوریا و 23یان بەدەستی قەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، 13 بەهۆکاری نادیار کوژراون.
هەفتەی رابردوو ئاماری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکرایەوە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی نۆرس پرێسی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، تورکیا لە ماوەی ساڵی رابردوو 930 جار رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە، 78%ـی ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون شوێنی نیشتەجێبوون بوون.