دراوسێکان فریاکەوتن
گەنجێک ئاگری لە ماڵی خۆیان بەردا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمشەو، لە گەڕەکى حەمرینى ناحیەى رزگارى سەر بە ئیدارەى گەرمیان، گەنجێک ئاگر لە ماڵى خۆیان بەردا و دراوسێکان فریای کوژانەوەی ئاگرەکە کەوتن.
بەپێى وتەى ئیبراھیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ 964ى قسەیکردووە، “کاتێک تیمەکانیان رۆیشتونەتە ماڵەکە ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە، تەنیا فەرشی ژووری میوانی ماڵەکە سوتاوە”.
964 لە پۆلیسى گەرمیان زانیویەتى، لە ماڵەکەدا تەنیا ژنێک و کوڕێکی تێیدا دەژین کە دایک و کوڕن و تەمەنى کوڕەکە 25 ساڵە.
دایکەکە لەسەر سوتانى ماڵەکەى لە پۆلیس سکاڵای لەسەر کوڕەکەی تۆمار کردوە، عەلى جەمال قدورى، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیانیش لەسەر بابەتەکە بە 964ى وت،”دوای سکاڵای دایکەکە، ئێستا کوڕەکەی بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە”.
لەبارەى هۆکارى رووداوەکەش، عەلى جەمال قدورى دەڵێت: کێشەیەکی خێزانی نێوان کوڕ و دایکەکە، هۆکارى رووداوەکە بووە.
پێداچونەوە- وریا فەتاح