تا ئێستا بڕیاری درێژکردنەوەی نییە
سبەینێ دوا مۆڵەتی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتانە
964+
پێشەوا محەمەد
سبەی یەکشەممە دوایین رۆژی ئەو وادەیەیە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتان رایگەیاندبوو و “بڕیاری درێژکردنەوەی تا ئێستا نییە”.
مانگی هەشتی ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم فۆڕمی ئۆنلاینی بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکە بەسەر کەمدەرامەتاندا راگەیاند و تا 1.12.2023 مۆڵەتی دابوو، دوای ئەوکاتە بۆ 31.12.2023 وادەکەی درێژکردەوە.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی درێژکردنەوە نییە و وادەکە تەنیا بەیانی ماوە.
ئێستا سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بەهۆی سەری ساڵی نوێوە لە پشوودان و بڕیاری درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەکەوێتەوە کاتی دەوامکردن لە ساڵی نوێدا.
“22 هەزار خێزان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و دواتر لە رێگەی لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و شایستەکان بە پێی خاڵبەندی یەکەکانیان پێدەدرێت”، توانا بەشیر وای وت.
ئەو یەکانە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمدا بوونیان هەیە و 13% تا 95% کارەکانیان تەواو کراوە.