414 منداڵ لە دهۆک لەدایک بوون

+964
عەمار عەزیز – دهۆک

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک، ئاماری لەدایکبوون و رووداوەکانی پشووی سەری ساڵی راگه‌یاند، دیارترین ئاماره‌كانیش له‌دایكبوونی 190منداڵی نێر و 224 منداڵی مێیه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە دووی کانونی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی دهۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری رووداوەکانی پشووەکانی سەری ساڵی ئەو پارێزگایەی بڵاوکردەوە.


ئاماره‌كان لە 25ی کانوونی یەکەمی 2022 تا رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 تۆمار كراون، کە دەکاتە هەشت رۆژی پشوو، تێیدا 414 منداڵ لەو پارێزگایە لەدایکبوونە.


حەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبه‌رایەتیی گشتیی تەندروستی دهۆک
له‌ کۆنگرە رۆژنامەوانییه‌كه‌دا وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی دهۆکیان کردووە، 10هەزار 284 کەس بوون، هەزار و 549 کەسیش خەوێنراون، لە ماوەی رۆژەکانی پشووی سەری ساڵدا هه‌شت کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و یەک کەس مردووە و 204 کەیسی نەشتەرگەریش هەبووە.

حەمزە رەزیکی، ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵ شەش حاڵەتی مردن هەبووە، لەم ژمارەیەدا سێ کەسیان بەهۆی سوتانەوە مردوون و کەسێکیش خۆی خنکاندووه‌.

964+ لە بارەی ئەو نەخۆشخانانەی لە سنووری پارێزگای دهۆک تەواو نەکراون پرسیاری کرد، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک وتی، “پلانێک هەیە كاره‌كانی نەخۆشخانەی 300 قەرەوێلەیی لە دهۆک و 100 قەرەوێلەیی لە بەردەڕەش دەستپێبکرێنەوە بەڵام جارێ ناتوانین باس لە وردەکاری پلانەکە بکەین”.

ئامارەکانی دیكه‌ی هەشت رۆژی پشووی سەری ساڵ بەم جۆرە بوون:
24 کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشییە درێژخایەنەکانه‌وه‌ مردوون.
107 حاڵەتی سووتان و هەشت رووداوی برینداربوون بەهۆی شەڕ و شەش حاڵەتی کەوتنیش لەسەر باڵەخانەوه‌ هەبووە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک، لەو هەشت رۆژەدا هیچ کەسێک لەو پارێزگایە دووچاری ڤایرۆسی کۆڕۆنا نەبووە.