حاسڵاتی بەیانی
تەندروستیی غەزە: 100 تەرممان هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت بە خاکی بسپێرین
+964
ژووری هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین دەڵێت: ژمارەی کوژراوەکانی غەزە لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە 16250 کەسی تێپەڕاند.
ئیسرائیل ئاماری دیلەکانی لە لای حەماس نوێکردەو ەو دەڵێت 138 دیلمان لەلای حەماسە، 20 لەوانە ژن و منداڵن، پێشتر ژمارەکە 137 بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیسرائیلییەکان دەڵێن، زانیویانە دیلێکی دیکەشیان هەیە.
تەندروستیی غەزە بڵاویکردەوە: نزیکەی 100 تەرم لەناو نەخۆشخانەی کەمال عەدوان هەیە و ئیسرائیل ناهێڵێت بە خاکی بسپێرن، دەشڵێت کەرتی تەندروستی لە باکووری غەزە بە تەواوی پەکی کەوت.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن: ئیسرائیل ئێستا ئامادەیە لە بارەی ئایندەی غەزەوە گفتوگۆ بکات، پێشتر چەند جارێک ئیدارەی بایدن فشاری لە ئیسرائیل کردووە و پلانێکی وردی هەبێت بۆ ئیدارەی شارەکە لە پاش شەڕ، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نەدەبوو گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە بکات.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی نووسیویەتی: دانیشتوانی باشووری تەلئەبیب لە دادگای باڵای ئیسرائیل داوای یاساییان تۆمارکردووە دژی هێزەکانی ئەو وڵاتە، لەبەر ئەوەی لە هێرشی موشەکی ناپارێزرێن.
بەرپرسی دۆسێی دیلەکان لە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل دەڵێت: حەماس مادەی هۆشبەری داوە بە دیلەکان بۆ ئەوەی لە کاتی ئازادبوونیاندا ئاسوودە و دڵخۆش دەربکەون.