چوارەم جارە بەسەریان دێت

هەورە بروسکە 78 گوندی ئامێدی بێ کارەبا کرد

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

هەورە بروسکە بە محاویلەیەکی دەوروبەری ئامێدی فێربووە لەمساڵدا، لانی کەم ئەمە چوارەم جارە گورزی لێدەدات و بەهۆیەوە 78 گوند بێ کارەبا دەبن.

درەنگانی شەوی رابردوو لەپڕ گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێی ئامێدی بێکارەبا بوون، کە خەڵکەکە سۆراغیان کرد زانیان دیسانەوە هەورە بروسکە لێیداوە.

ئەم محاویلەیە 78 گوندی لەسەرە، دوێنێ شەو لە دەوروبەری کاتژمێر 1ی شەو گورزەکەی پێ کەوتبوو، تیمەکانی کارەباش نەیاندەتوانی بچن بەدەمیەوە، چونکە هەورە بروسکەکە بەردەوام بوو، بۆیە سێ کاتژمێری ویست تا چاکیان کردەوە.

ئارام جەلال بەرێوەبەری کارەبای ئامێدی بە 964ی وت ”لە ترسی ژیانی کارمەندەکانمان نەمانتوانی زوو محاویلەکە چاک بکەینەوە”.

خۆشیی ئەم گوندانە زۆری نەخایاند، هەر ماوەیەک پاش چاککردنەوەی محاویلەکە، بەهۆی رەشابەوە هێڵی کارەبای حەوت گوند پچڕا و دیسان تیمەکانی کارەبا چوون چاکیان کردەوە.

هەر ئەمساڵ لە مانگی دوو، بەفر کارەبای ئەو ناوەی بڕی، لە مانگی سێ بەهۆی هەورە بروسکەوە دیسان کارەبایان پچڕا و دوو مانگ پێش ئێستاش بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاش جارێکی دیکە کارەبای ئەو گوندانە بڕا.

ئامێر لەو شوێنانە دادەنرێت کە مەترسی دروستبوونی لافاو...

ئامێر لەو شوێنانە دادەنرێت کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ دەکرێت