داوای دیکەشی لەسەر تۆمار دەکەن

گڵۆڵەی حەلبوسی کەوتە لێژی

+964

ژووری هەواڵ

پێناچێت وا بە ئاسانی حەلبوسی رزگاری ببێت، دوای ئەوەی لە سەرۆکی پەرلەمان لادرا، ئێستا بە نیازن داوای یاسایی دیکەی لەسەر تۆمار بکەن، تازەترینیان ئەوەی حەیدەر مولایە.

حەیدەر مولا لە سەر تۆڕی ئێکس نووسیویەتی ”محەمەد حەلبوسی تاوانێکی نوێ ئەنجام دەدات (خۆ بەساختە ناساندن) بۆیە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین”.

حەیدەر لەگەڵ پۆستەکەی خۆی، پۆستێکی نووسینگەی راگەیاندنی حەلبوسی داناوە، کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە و وەک سەرۆکی پەرلەمان ناسێندراوە، مەبەستی ئەوەیە حەلبوسی لە پۆستەکەی نەماوە و مافی ئەوەی نییە بە سەرۆکی پەرلەمان خۆی بناسێنێت.

دادگای فیدڕالیی عێراق رۆژی 14ی ئەم مانگە بڕیاری دا ئەندامیەتیی محەمەد رێکان حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە لەسەر داوایەکی پەرلەمانتار لەیس دولێمی بە تۆمەتی ”ساختەکاری”.

حەیدەر مولا، کە بە نیازە داواکە لەسەر حەلبوسی تۆمار بکات، سەرکردەیە لە هاوپەیمانیەتیی عەزم و لەو کەسانەیە، کە دانووی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی پەرلەمان نەدەکوڵا، ئەو کاتەی کە دادگا حەلبوسی لابرد یەکسەر حەیدەر مولا لەسەر ئێکس نووسی ”تۆبەی ساختەچی قبوڵ نییە، تۆبەی گەندەڵ قبوڵ نییە”.

+964صورة من منصة (شبكة):