ئەوەی بە مەهدی نەکرا سودانی کردی
سەرەخۆرەی سەرۆک وەزیران لابرا
964+
شوان عەباس
سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر لاببات، پێشتر عادل عەبدولمەهدی ویستی ئەمە بکات، بەڵام پێی نەکرا.
لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی سەربازی سودانی رایگەیاند چەند گۆڕانکارییەک لە پۆستە سەربازییەکاندا کراوە، یەک لەوانە عەبدولوەهابی ساعدی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرە، لەبری ئەو مەرین عەبود دانراوە.
پێشتر لە ئەیلولی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمەی عێراق ساعدی لە فەرماندەیی هێزەکانی دژە تیرۆرەوە گواستەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، ساعدی وتی ئاگادار نەبووە و بە تەلەفۆن پێیان وتووە، ئەو کات وتیان بە فشاری ئێران لابراوە.
لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی هەمان ساڵ خۆپیشاندەران وێنەی ساعدییان بەرزکردبووەو داوایان دەکرد بگەڕێتەوە، ئەو خۆپیشاندانەی دواجار سەری عەبدولمەهدی خواردوو کۆتایی هەمان ساڵدا دەستی لەکارکێشایەوە.
عەبدولوەهاب ساعدی بەوە لای عێراقییەکان خۆشەویست بوو کە ساڵی 2017 سەرکردایەتی ئەو هێزەی کرد کە موسڵیان لە داعش سەندەوە.
لە مانگی ئایاری 2020 مستەفا کازمی لە تازە کرابوو بە سەرۆک وەزیران ساعدی گەڕاندەوە بۆ پۆستەکەی و وتی ”پاڵەوانە”.