دوای 10 مانگ گەڕان
چەکدارێکی رێکخراوی داعش لە سلێمانی دەستگیرکرا
964+
ژووری هەواڵ
دوای 10 مانگ لە گەڕان بەدوای چەکدارێکی رێکخراوی داعش دواجار لە سلێمانی دەستگیرکرا.
“ئەو چەکدارەی دەستگیرکراوە پێشووتر سەر بە فیرقەی زات سەوار بووە و دەستی هەبووە لە چەندین کردەوەی تیرۆرستی و کوشتن بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە”، ئەمەش بەپێی وتەی سەرچاوە ئەمنییەکان.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە هەواڵگری عێراق ئەو زانیاریانەی بۆ 964 پشتراستکردەوە وتی، “ئەو چەکدارە چەندین هاوڵاتی و کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق کوشتووە”.
گروپی زات سەوار لە باکوری بەغدای پایتەخت کردەی تاوانکاری ئەنجامدەدەن و ئەو چەکدارەی دەستگیرکراوە پێشووتر ئەندامێکی کارای ئەو گروپە بووە و دواتر پەیوەندی بە چەکدارانی رێکخراوی داعش لە کەرکوک کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی هەواڵگری عێراق دەڵێت، چەکدارە دەستگیرکراوەکە بەشداری چەندین شەڕی کردووە لە دژی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری کەرکوک، حەویجە، ریاز و رەشاد، چەند جارێکیش بریندار بووە.
هەواڵگری عێراق بەدوای ئەو چەکدارە گەڕاوە، دوای گەڕان و تێبینیکردنی 10 مانگە، توانرا بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستگیربکرێت و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی