ئەمبوڵانس خۆڕاییە
وەزارەتی تەندروستی: بەهیچ جۆرێک پارە لە گواستنەوەی نەخۆش وەرناگیرێت
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی تەندروستی رەتیدەکاتەوە پارە لە گواستنەوەی نەخۆش وەربگیرێت وەک کرێی ئەمبوڵانس، بەڵکو ئەوەی هەیە رێکخستنەوەی کرێی ئەمبوڵانسی نەخۆشخانەی ئەهلیەکانە.
د.سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ 964 وتی، “چەند رۆژێکە وا بڵاوکراوەتەوە لەنەخۆشخانە حکومەییەکان لە کاتی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس پارە وەردەگیرێت، ئەمە سەرلەبەری راست نییە و ئەوەی هەیە پەیوەندی بە نەخۆشخانە ئەهلیەکانە و ویستومانە کرێی ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە ئەهلیەکان رێکبخەینەوە”.
بەپێی قسەی د.سەرکار سورچی، نرخی کرێی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کەمکراوەتەوە و رێکخراوە و سنووردارکراوە.
له ههرێمی كوردستاندا 145 نەخۆشخانەى حکومى و ئەهلى هەن کە 76 نهخۆشخانهیان لە هەولێرن.