یەکەم هەنگاوی دروستکردنی رێڕەوی نابینایان جێبەجێکرا
لە هەولێر نابینایان بێ گرفت و بەتەنیا دەتوانن لەبازاڕ رێ بکەن
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم هەنگاوی دروستکردنی رێڕەوی نابینایانی راگەیاند و لەبەردەم پارکی شار یەکەم رێڕەو دانرا.
ئەو رێڕەوەی دروستکراوە یەک هێڵی ئاراستەیە و هەنگاوی یەکەمی لەچەقی بازاڕ جێبەجێکرا و بڕیارە بە دەوروبەری قەلای هەولێر دابندرێت و دووریەکەی یەک کیلۆمەتر و نیوە.
پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە ئەو رێڕەوەی دروست دەکرێت، لەسەر شۆستەی شەقامی چواڕیانی نیشتیمان، شۆستەی شەقامی بازاری سیروان تاوەکو چواریانی شێخی چۆڵی، شۆستەی پارکی شار، قەیسەری، قەڵا و شەقامی باتا دەبێت.
یادگار کەریم سەرۆکی یەکێتی نابینایان بۆ 964 وتی، ئەو کەسەی رێگاکە بەکاردێنێت، گۆچانی تایبەتی لەلا دەبێت و لەسەر ئەو هێڵەی دروست دەکرێت گۆچانەکە دادەنێت و بەبێ گرفت دەتوانێت رێگاکە ببڕێت.
هەفتەی پێشوو شارەوانی هەولێر رایگەیاندئەم هەنگاوە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێگایەکی لەمجۆرە بۆ نابینایان دروست دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکی یەکێتی نابینایان لە هەولێر دوو هەزار و 500 نابینا ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە زیاتر سوود لەو رێگایە دەبینن.