یه‌كێتیى مامۆستایان: ناتوانین هه‌ڵوێستى سه‌رتاسه‌رى بۆ ناڕه‌زایه‌تى رابگه‌یه‌نین
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
یەکێتیی مامۆستایانى كوردستان ئاشكراى ده‌كات، ناتوانن هه‌ڵوێستێكی سه‌رتاسه‌رى بۆ ناڕه‌زایه‌تى مامۆستایان رابگه‌یه‌نن، چونكه ده‌ڵێن، له به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه له‌باره بۆ ناڕه‌زایه‌تی، به‌ڵام له به‌شێكی دیكه نییه.
عەتا ئەحمەد، جێگری سکرتێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان به 964ـى رایگەیاند، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی و هه‌ڵوێسته‌ى كه مامۆستایانى كوردستان له به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى موچه‌كانیان هه‌یانه، سه‌رتاسه‌رییه، به‌ڵام له به‌شێكی هه‌رێم زه‌مینه له باره بۆ ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و له‌به‌شێكی دیكه‌ش له‌بار نییه.
وتیشی “ئه‌و خه‌م و ناڕه‌زایه‌تییه‌ى مامۆستایانى سنوورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان به ئاشكرا ده‌ریده‌بڕن و به‌هۆیه‌وه بایكۆتى ده‌وامیان كردووه، هه‌مان هه‌ست و خه‌میش لاى مامۆستایانى هه‌ولێر و دهۆك و سۆران و زاخۆش هه‌یه، به‌ڵام له سنوورى سلێمانى زه‌مینه له‌بارتره بۆ ده‌ربڕینى ئاشكراى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان”.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئه‌وان وه‌ك یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان، به هۆى ئه‌و دۆخه‌ى له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، ناتوانن ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه یه‌كبخه‌ن و بیكه‌نه سه‌رتاسه‌رى.
ده‌شڵێت “مامۆستایانمان هه‌ن به‌ر له‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تى ده‌رببڕن هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه”.
ئه‌مساڵ به‌رله‌وه‌ى زەنگی نوێی ساڵی خوێندن لێبدرێت، ده‌سته‌ى مامۆستایانى ناڕازى له به‌شێكی ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و نوێنەری ئه‌و مامۆستایانه‌ش لە راگەیەندراوێکدا پەیامێکی توندیان دایە حکومەتی هەرێم، كه مامۆستایان ناچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، تا ئه‌وكاته‌ى حکومەتی هەرێم موچەی مانگی حەوت و هەشت و نۆ دابەش نەکات.
وتبووشیان، هه‌مان هه‌ڵوێستیان بۆ مامۆستایانى وانه‌بێژیش به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ى حكومه‌ت بە کرداری مامۆستایانی وانەبێژ دادەمەزرێنێت و شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابین دەکات.