بڕیارە بەم نزیکانە پارەکە بگات

“مەترسی لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە نییە”

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

چەند پەرلەمانتارێک لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان دژی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم تۆمار کردووە، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی ئەو پارەیە نییە.

حکومەتی عێراق بە واژووی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەر یەک لە مانگەکانی ١١ و ١٢ـی ئەمساڵ داوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

پەرلەمانتار هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سکاڵای دژی ئەو بڕیارە لای دادگای فیدڕاڵیی عێراق جوڵاندووە.

“پێشتر کە ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێردرا، لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار کرا، بەڵام دادگاکە ئەوکاتە رەتیکردەوە بڕیاری ناردنی پارەکە هەڵبوەشێنێتەوە”
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وای بە 964+ وت.

دەشڵێت؛ بە پێی دەستوور وەک چۆن رێگەپێدراوە حکومەتی فیدڕاڵی بودجە و پارە بۆ پارێزگایەک لە پارێزگاکان بنێرێت، بە هەمان شێوەش رێگەپێدراوە پارە و بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.