دەرماڵەی خوێندکاران دابەش دەکرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەرپرسانی ژمێریاری زانکۆی دهۆک گەشبینن بەوەی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی ئاییندە سیولەی پارەی دەرماڵەیان بۆ دابین بکرێت.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو کۆتا دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی دهۆک دابەشکرا.
مەروان فندی بەڕێوەبەری ژمێریاری لە زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، “ئەگەر پارەمان بۆ تەحویل بکەن ئێمە دەتوانین پارەی چوار مانگیش دابەش بکەین، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەم یەکشەممەیە تەنیا سیولەی یەک مانگمان پێبدەن”.
ماوەیەک لەمەوبەر، زانکۆی سلێمانی دەرماڵەی مانگی ئەیلوولی 2022ـی بەسەر خوێندکارەکانی دابەشکرد، زانکۆی هەولێر تاوەکو تشرینی دووەمی هەمان ساڵی دابەشکردووە.
بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکاری ناو سەنتەری ئەو شارەی کەمپی زانکۆکەی تیادایە بریتیە لە 40 هەزار دیناری مانگانە، لەکاتێکدا بۆ ئەوانەی خەڵکی دەرەوەی سەنتەری شارن 60 هەزار دینارە.
زانکۆی دهۆک دەوروبەری 22 هەزار خوێندکاری هەیە و 65%یان خوێندکاری سەنتەری شارەکەن.