بوو بە 13 کەس
لە ئاکرێ کەسێکی تر خنکا
964+
فەرمان سادق
کەمێک پێش ئێستا گەنجێکی مەلەوان لەناو گۆمێکی ئاو خنکا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کرا.
ئەوە سێیەمین حەڵەتی خنکانە لە دوێنێ شەوەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری قەزای ئاکرێ رووبدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، ئەو گەنجە کەڕوڵاڵ بووە و مەلەوان بووە و خۆی هەڵداوەتە ناو ئاوەکە و سەری بەر بەردێکی گەورە کەوتووە و دەستبەجێ کەللەی سەری تەقیوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، ئەزوەر کەمال تەها تەمن 24 ساڵ، کەمێک پێش ئێستا لەناو گۆمێکی ئاو خنکا لە سنووری گوندی گیرەی سەر بە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ.
دەشڵێت: ئەزوەر، لە گۆمێکی ئاو لە سنووری گوندی گریشی سەر بە ناحیەی دینارتە خنکاوە.
هەر ئەمڕۆ تەرمی دوو کچی تر لەناو رووباری خازر دەرهێنران.
تەرمی دوو کچ لە رووباری خازر دەرهێنران
بە خنکانی ئەو سێ کەسە، ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ لە سنووری بەرگری شارستانی ئاکرێ کە قەزای ئاکرێ و قەزای بەردەڕەش بە ناحیەکانیانەوە لەگەڵ دوو ناحیەی سەر بە قەزای شێخان، گەیشتنە 13 کەس.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ دەشڵێت: چوار کەسیش تیمەکانمان لەناو ئاو لە خنکان رزگاریان کردوون، جگە لەوەش 30 کەسی تریش خەڵک لە خنکان رزگاری کردن.
زیاتر وتیشی “شریتی قەدەغەی مەلەوانیمان لە گۆمێک دا بەهۆی خنکانی کەسێک کە ئێرە شوێنێکی مەترسیدارە بۆ مەلەوانی، کەچی بۆ بەیانی پیاوێکی ساحێب ژن و ماڵ، لە هەمان جێگە خنکا، بۆیە خەڵک پابەندی رێنماییەکان نابن”.