بۆ پسولەی ئەلیکترۆنی خۆراک هەولێر دوو مانگی دیکەش چاوەڕێ دەکات
964+
فەهمی نەبی
بەشی بەدواچوونی پسولەی خۆراکی هەولێر چوونەتە بەغدا بۆ سۆراغی تەواوبوونی پسولەی ئەلیکترۆنی خۆراکی پارێزگای هەولێر، پێیان وتراوە هێشتا دوو پارێزگای دیکەتان لە پێشە و تا دوو مانگی دیکە دەرناچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشی بەدواداچوونی پسولەی خۆراکی هەولێر ئەو سەردانەیان بۆ بەغدا کردووە.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، لە بەغدا وتویانە هیشتا پارێزگای بەسرە و موسڵ لە پێش هەولێرن و تا مانگی 10 سەرەتان نایەت.
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر وتیشی، کاتێک کارتی ئەلیکترۆنیمان دابەش کرد، فۆرمێکی لەگەڵ دابەش دەکەین، دەبێت ئەو خێزانە بەڵێن بدات کە لە هەولێر دەژیت و ژمارەی خێزانەکانی وەک خۆیەتی.
لە بارەی سڕینەوەی ناوی ئەوانەی موچەکەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە، سیامەند قادر دەڵێت، دەبێت ئەو کەسە نووسراوێک لە فەرمانگەکەی خۆی بهێنێت کە بیسەلمێنێت موچەکەی لە دوو ملیۆن کەمترە، ئەو کات پسولەکەی دەدەینەوە، بۆ ئەوانەشی کۆمپانیایان هەیە، دەبێت لە ژووری بازرگانی نووسراوێک بێنێت کە کۆمپانیاکەی هەڵوەشاوەتەوە، ئینجا پسولەکەی دەدرێتەوە.