جووتسایدی سلێمانی کەرکوک نۆژەن دەکرێتەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی رێگای تەکیە تاسڵوجە، تاوەکو ئێستا 20%ـی کارەکانی تەواو بووە و شۆفێران دەتوانن سوودی لێوەرگرن.

رێگای تەکیە بۆ تاسڵوجە 50 کیلۆمەترە، قۆنایغی یەکەمی کە 20%ـی چاککراوە و قیرتاو کراوەتەوە گوژمەی 90 ملیۆن دیناری لەسەر داهاتی بەڕێوبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی سلێمانی بۆ دابینکراوە.

نۆژەنکردنەوەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش 20%ـی شەقامەکە قیرتاو کراوەتەوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا بڕیارە 20%ـی دیکەی رێگاکە دوای کاری نۆژەنکردنەوەی قیرتاو بکرێت.

تەها حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری گشتی لە بەڕێوبەرایەتی چاکردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی بە 964 وت “لە ئێستادا تەنیا ناوەندی رێگای سەرەکی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند تەواو بووە، نووسراویشمان کردووە بۆ دەسکردن بەکار کردن لە 20%ـی دیکە رێگاکە”.

دەشڵێت: هەر جارەی 20%ـی رێگاکە چاک دەکەین بۆ ئەوەی گرفت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروست نەبێت.

مەمەند دارەوان، بەڕێوبەری ناحیەکە بە 964 وت “بەشێک لە قیری رێگاکە تێکنەچووە و کێشەی نییە دەستکاری ناکرێت”.

رێگای تاسڵوجە بۆ تەکیە، رێگایەکی جوتسایدە و رێگای سەرەکی هاتوچۆی نێوان سلێمانی و کەرکوکە، سلێمانی دەبەستێتەوە بە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

داڕشتنەوە: فەرمان سادق