دوکاندارەکان 10 رۆژ مۆڵەتیان هەیە تابلۆکانیان بکەنە کوردی

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

قایمقامیەتی دهۆک 10 رۆژ مۆڵەتی داوەتە هەموو دوکاندارەکان، دەبێت لەو ماوەیە تابلۆی دوکانەکانیان بکەن بە نوسینی کوردی.

مەردان ئەتروشی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون لە قایمەقامیەتی دهۆک بە 964ی وت، “فەرمانی قایمقامیەتە کە بەدواداچوون بۆ دوکان و چێشتخانە و مارکێتەکان بکەین، دەبێت تابلۆی دوکانەکانیان بکەن بە کوردی”.

بەوتەی مەردان ئەتروشی ئەوان گرفتیان نییە تابلۆی دوکانەکان بە زمانی دیکە بێت، بەڵام مەرجە دەبێت نوسینە کوردیەکە بە فۆنتێکی گەورە بێت.

بەپێی بڕیارەکەی قایمقامیەتی دهۆک، مارکێتەکان دەبێت کاشێری کورد دابمەزرێنن، دەبێت چێشتخانەکان لە لیستی خواردنەکانیان زمانی کوردی هەبێت، پێچەوانەی ئەوە دووچاری رێکاری یاسایی دەبن.

رۆژی 21.2.2023 سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، لەمەوبەدوا پێویستە شوێنە بازرگانی و قونسوڵخانەکان تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانی کوردی، دوای ئەو بڕیارە پارێزگای هەولێر 35 رۆژ مۆڵەتی دا بە دوکان و شوێنە بازرگانی و قونسوڵخانەکان بۆ ئەوەی تابلۆکانیان بگۆڕن، بەڵام دوای شەش مانگ هێشتا بەشی هەرە زۆری تابلۆکان نەگۆڕدراون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی