بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە - وێنە: 964
تەندروستی هەڵەبجە: چوار مانگە وەزارەتی دارایی بودجەی بڕیوین
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، ماوەی چوار مانگە بودجەی تەندروستی هەڵەبجە بڕاوە، بیانوی وەزارەتی دارایی ئەوەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە درەنگ نوسراویان بۆ رۆیشتووە.
د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بۆ 964 وتی، “هەر ساڵی بەبیانوییەکەوە بودجەی نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەبڕن، ئەمساڵیش ئەوە چوار مانگە بودجەی هەڵەبجە بڕاوە، ئەمساڵ بیانویان ئەوەیە نوسراوەکان بەشێوازی ئۆنڵاین نەگەیشتووە و درەنگ گەیشتووەتە دەستی وەزارەتی دارایی”.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئەوەش دەڵێت، “هەرلایەک دەڵێت خەتای ئەوەی دیکەیە، وەزارەتی دارایی دەڵێت خەتای وەزارەتی تەندروستییە، باشە چۆن دەبێت وەزارەتی تەندروستی هەڵەبکات دەبێت نەخۆشخانەی هەڵەبجە باجەکەی بدات”.
سەبارەت بە کێشەی ئەو کۆمپانیایەی کەلوپەلی نەخۆشخانەی هەڵەبجەی بردووە، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە وتی، “دەمێکە داوا دەکەین وەزارەتی تەندروستی ئەو کۆمپانیایە بخاتە لیستی رەشەوە کە کەلوپەلی نەخۆشخانەی هەڵەبجەی برد بەڵام وەڵاممان نادەنەوە، تێناگەین چ هێزێک لە پشتی ئەو کۆمپانیایەیە”.
د.ئازاد مستەفا دەڵێت، لەساڵی 2008 بەردی بناغەی ئەو نەخۆشخانەیە دانرا، دواتر ئەو کۆمپانیایەی بۆی دەرچوو بەپارەی کەمتر دابویەوە بە کۆمپانیای دیکە بەمجۆرە پارەیەکی زۆری تێدا خورا و ئەو ئامێرانەی بەخشرابوون بە نەخۆشخانەکە کۆمپانیاکە هەمووی برد و کەسیش قسەی لەگەڵ نەکرد.
964 چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.