سێ ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران دەکرێنەوە

964+

توانا نەقی

بڕیارە سێ ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان هەرێم و وڵاتی ئێران لەو شوێنانەی هاوسنوورن لەگەڵ یەکتر بکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری بازرگانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی ناوچەی ئازادی بازرگانی ئێران کۆبووە و باس لە رێکارەکانی کردنەوەی ئەو ناوچە ئازادانە کراوە بڕیارە لەم ساڵدا بکرێنەوە.

شێخ مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم بە 964ـی وت، ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون و رێکارە یاساییەکان تەواو بوون بۆ کردنەوەی ئەو ناوچە ئازادانە، بەڵام گرنگ ئەوەیە دەستو بردی لێبکرێت و زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی، بڕیارە ناوچە ئازادەکان لە هەریەک لە باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بکرێنەوە، پێشتریش ساڵی پار بڕێر بوو لە سەیرانبەن بکرێتەوە بەڵام تا ئێستا دەنگی نییە.

بە کردنەوەی ئەو ناوچە ئازادانەی بازرگانی دەرفەتی باش بۆ بازرگانان و کاری بازرگانی زیاتر لە نێوان هەرێم و ئێران دڕەخسێت.

تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بایی یەک ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران کراوە.

ناوچەی ئازادی بازرگانی شێوازێكە لە شێوازەكانی بازرگانی نێوان دوو وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا و شتومەك بێ ئەوەی بە رێكاری گومرگی تێپەربێت لە هەر وڵاتێكدا بە پێی یاسا و رێنمایی تایبەت رێكخراوە.