سزایەکی سەیر بۆ سەعید روستایی

بینینی هاوڕێ و هاوپیشەکانی لێ قەدەغە کرا

964+

بەهرە محەمەد ئەمین

هۆبەی 26 لە دادگای شۆڕش ( ئینقیلاب)ی تاران، سەعید روستایی بە شەش مانگ زیندان سزادا، ئەو دەرهێنەری فیلمی (براکانی لەیلا)یە.

سەعید روستایی دەرهێنەر و سیناریستی بەناوبانگ بەهۆی بەرهەمهێنان و پەخشکردنی فیلمی براکانی لەیلا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کان بە چالاکی دژی ئێران تۆمەتبار کراوە.

لە سزاکەدا هاتووە، روستایی بە شەش مانگ زیندانی سزادراوە کە بیست یەکی سزاکە جێبەجێ دەکرێت و ئەوەی دیکەی راگرتنە بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

هەر بەپێی سزاکە، پەیوەندیی و هاتوچۆ لەگەڵ چالاکوانانی بواری سینەما لە سەعید قەدەغە دەبێت، هەروەها پێویستە خولی فیلمسازی بە پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و رەوشتیەکانیش لە کۆلێژی راگەیاندنی قوم وەربگرێت.

لە کۆتاییەکانی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا دامەزراوەی سینەما بە هۆکاری سەرپێچی و دەرچوونی ئامادەکار و دەرهێنەر لە یاسا، بڕیاری راگرتنی فیلمی براکانی لەیلای دا.

ئەم دامەزراوەیە جەختی کردەوە کە سەعید روستایی بەبێ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانەی کە وەزارەتی رۆشنبیری داوایکردبوو فیلمەکەی لە کان نمایش کردووە.

خانەی دەرهێنەرانی سینەمایی ئێران، ئەم حوکمەی ئیدانە کردووە و داوای لە بەرێوەبەرایەتی سینەما کردووە رێ لە جێبەجێکردنی ئەم سزایە بگرێت تاوەکو لەمە زیاتر کەشی بێ هیوایی باڵ بەسەر سینەمای ئێراندا نەکێشێت

بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵی کانیش ئەم بڕیارەیان شەرمەزار کردو بە پێشێلی جدی ئازادی رادەربڕین لەقەڵەمیانداوە.

سەعید روستایی دەرهێنەری فیلمەکانی مەتری شەش و نیو، هەتا هەتایە و یەک رۆژە.