گەنجترین توێژەری سەر ئاستی عێراق لە کەلارە

964+

هونەر فارس – کەلار

کچە خوێندکارێکی کەلار توێژینەوەیەکی فیزیایی ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە خەڵاتی گەنجترین توێژەری لەسەر ئاستی عێراق لە بوارەکەی خۆیدا پێ بەخشراوە.

ئەو کچە خوێندکارە ناوی دینێ عەدنانە و دەرچووی بەشی فیزیای زانکۆی هەڵەبجەیە و ئەمساڵ تەمەنی بووە بە 21 ساڵ.

توێژینەوەکەی دینێ سەبارەت بە دۆزینەوەی “نرخی روتی سەر نەخشە” بوو، ئەمەش بەمانای ئەوەیە لەبواری پزیشکی کاتێک کێشەیەک هەیە لەسەر نەخۆشییەک دەخەیتەسەر نەخشەیەک ئەو پۆینتە دەدۆزیتەوە کە دەبێتە چارەسەر، ساڵی رابردوو لە گۆڤاری Matrix Science Mathematicsدا، بڵاوکرایەوە و لە سێ رۆژی رابردوودا لە شەشەمین سیمپۆزیەمی پەیپەرە نایابەکان کە لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

دێنێ عەدنان بۆ 964 وتی، من بە پێشبڕکێی تەمەن بەشداریم کرد، ئەوکات تەمەنم تەنیا 20 ساڵ بوو، بە گەنجترین توێژەری سەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی 2022، لە بوارەکەی خۆمدا دیاریکراوم.

ئەو سەبارەت بە خەونەکەی وتی، “تەنیا بیرم لای دامەزراندنە و دەرفەت هەبێت حەزدەکەم لە داهاتودا ماستەر بخوێنم”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی