ژنانی قەتەوی لە هەولێر دژی بێ ئاوی کۆبوونەوە

+964

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

کۆمەڵێک لە دانیشتوانەکەی گەڕەکی قەتەوی لە شاری هەولێر ئەم پێشنیوەڕۆیە هاتنە بەردەرگای ماڵەکانیان و هەموویان پێکەوە کۆبوونەوەو شەقامی سەرەکی گەڕەکەکەیان داخست، توڕەبوونەکەیان لەسەر کەم ئاوییەو دەڵێن حاڵمان نییە سێ مانگە هەر ئاو دەکڕین و زۆر بە دەگمەن دێتەوە.

زۆربەی ئەوانەی کۆبووبوونەوە ژنانی گەڕەک بوون، بەشێکیان سەروبەستیان پێچاوەو توڕەن، دەڵێن رۆژ نارۆژێک دەبێت ئاو بکڕن، بەم گەرمایە ئاو نییە بیکەنە موبەریدا و تا سێی شەویش هەر چاوەڕێی هاتنەوەی ئاو دەکەن کەچی هیچ.

گەڕەکەکانی قەتەوی و مامزاوە و چەند گەڕەکێکی تری سەر رێگای هەولێر مەخمور وەوەیلایانە بەدەم کەمئاوییەوەو هەموو هاوینێکیش ئەمە حاڵیانە.