دیمەنی سەرای کفری.وێنە. شوێنەواری گەرمیان
سەرا مێژوویەکەی کفری نۆژەن دەکرێتەوە
964+
توانا نەقی
شوێنەواری دێرینی سەرای کفری قۆناغی دوەمی نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردووە و لەسەر شکڵە کۆنەکەی تازە دەکرێتەوە.
سەرای کفری بە یەکێک لە رەمزە مێژوویەکانی قەزای کفری دادەنرێت و خەڵکی رەسەنی کفری ساڵەھایە یادەوەرییان لەگەڵ ئەو سەرایەدا ھەیە.
ساڵح محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ی وت، بە گوژمەی نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دینار دەستیان کردووە بە قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری، کە خۆی لە سپیکردنەوە و دانانی دەرگاو پەنجەرە دەبێنێتەوە.
وتیشی، لە مانگی شەشی پار ساڵەوە کارکردن کە سەراکەدا وەستابوو تا 15 رۆژ پێش ئێستا و لە قۆناغی کۆتایی و تەواو بوون نزیک بوونەتەوە.
نۆژەنکردنەوەکە لەسەر شێوازە کۆنەکەی دەبێت و دەرگاو پەنجەرەکانی بە داری جۆری “جاوی” بۆ دروستدەکەن ھەر لە کفری و کە سیماییەکی کەلەپووری و مێژووی دەبێت.
سەرای کفری لە ساڵی 1919 لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراوە و لە دوو نھۆم و حەوشەیەکی گەورە پێک ھاتووە، جگە شوێنەوارییەکەی تا ساڵانی پێش حەفتاکان چەندین فەرمانگەی حکومی تێدا بووە.