کارەبای دەربەندیخان: مانگی 9 کارەبا باش دەبێت
964+
توانا نەقی
وەرزی هاوینە و کارەبای زۆربەی شارەکان وەزعیان شڕە، دەربەندیخانیش کارەباکەی کەمیکردووە و دەڵێن کۆنترۆڵی لەدەست ئەواندا نییە.
ئێستا لە دەربەندیخان بە قسەی بەڕێوەبەری کارەبا بە کۆی گشتی سێ کاتژمێر کارەبایان کەمی کردووە لەگەڵ ئەوەش لەم مانگی هەشتەدا پێنج رۆژ کارەبا خراپبووە، چاوەڕێ دەکرێت پێنج رۆژێکی دیکە لەم مانگە باش نەبێت.
باست عەزیز، بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئێستا لە کاتژمێر 5ـی بەیانی کارەبا دەبڕێت تا 1:00ـی نیوەڕۆ، پاشان لە 4ـی ئێوارە دەبڕێت هەتا 7ـی ئێوارە.
،وتیشی، بەنداوەکە سێ وەحدەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە یەک دانەی ئیش دەکات، دانەیەکی سیانەی پێویستە و دانیەکی تری تۆرباینی لەکار کەوتووە، خۆ ئەگەر چاکیش بن ناکرێت هەموو ئاوەکە لە کارەبادا خارج بکەن، بەڵام سەرەتای مانگی داهاتوو باشتر دەبێت.
بەنداوی دەربەندیخان لە ماوەی 24 کاتژمێردا 960 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، کارەبامان لە زۆربەی قەزاکانی پارێزگای سلێمانی باشترە و نزیکەی بەکۆی گشتی 40 کاتژمێرێک زیاترمان هەیە لە مانگێکدا.
وتیشی، پێدانی کارەبا بەدەست دەربەندیخان نییە کارکردنی لە کۆنترۆڵی سلێمانییەوەیە، بەڵام ئەو بەنداوەش ناکرێت پشتگوێ بخرێت و وەک بۆ ئاوەکە سوودی نییە هیچ نەبێت کارەباکە با جیاواز بێت.
قەزای دەربەندیخان سەربە پارێزگای سلێمانییە و چەندان ساڵە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانە، بەڵام نە کێشەی ئاو و نە کێشەی کارەبای بە تەواوەتی نەتوانیوە بۆ قەزاکە چارەسەر بکات.