"ئەو کەسەی بردوویەتی بە ملی ورچی داهێناوە"

شانە هەنگەکانی سنووری برادۆست بە جارێ تاڵان کران

964+
ئاسۆ وەرتی – سیدەکان

لە چەند رۆژی رابردوودا کاتێک خاوەن مێشەکانی کوێستانی خوارانی مێرگەمیر لە دەڤەری برادۆست، سەردانی مێشەکانیان دەکەن، هەست دەکەن دەستکاریان کراوە، دوای پشکنین بۆیان دەردەکەوێت، کەسێک یان چەند کەسێک شانە هەنگەکانیان بڕیوە و لە هەر سندوقێکدا شانەیەکی هەنگوینیان بۆ جێهشتوون.

ئەوانەی سندوقە هەنگەکانیان بڕیوەتەوە، سندوقی 10 هەنگەوانی ئەو دەڤەرەیان تاڵان کردووە، هەنگەوان هەیە 80 مێشی بڕاوەتەوە.

محەمەد تاهیر کەورینی یەکێک له هەنگەوانەکان بە 964ی وت، “چەندین ساڵە مێشە هەنگەکانم هێندەی ئەمساڵ هەنگوینیان نەبوو، کەچی دزێکی شارەزا چووە مێشەکانی بڕیوەتەوە، زۆریش بە لێزانانە ئیشەکەی کردووە، وەک بڵێیت ورچ هاتووە ئەو کەتنەی کردووە، یەک دووانێکی لە زەوییەکە فڕێداوە تا گومان نەکەین مێشەکان بڕاونەتەوە و بە ملی ورچی داهێناوە”.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی، “نزیکەی 500 مێش دەستکاری کراون و هەندێک سندوقیشان بردووە، ساڵی پاریش دزیم لێکرا، سکاڵام تۆمارنەکرد”.

بە هۆی کەشوهەوای لەبار و ئاوی سازگاری کوێستانەکانی سنووری برادۆست، ساڵانە هەنگەوانەکان مێشەکانیان دەبەنە ئەو ناوچەیە و بە مەبەستی زیادبوونی بەرهەمی هەنگوین.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی