نەشتەرگەری بچوکردنەوەی گەدەی کرد و گیانی لەدەست دا
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
کچێکی تەمەن 25 ساڵە لەشاری هەولێر دوای ئەوەی دووجار نەشتەرگەری بچوککردنەوەی گەدەی بۆ دەکرێت، لە ژێر کاریگەریی بەنج بەئاگا نایەتەوە و گیانی لەدەست دا.
گیان لەدەستدانی ئەو کچە دوێنێ یەکشەممە 14.8.2023 بووە.
سامان فازل، برای ئەو کچەی گیانی لەدەست دا بە 964ی وت، رۆژی 6.8.2023 خوشکەکەم یەکەمین نەشتەرگەری بچووکردنەوەی گەدەی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام دوای نەشتەرگەریەکە دۆخی تەندروستی تێکدەچوو، لەم چەند رۆژە هەر لەماڵەوە بوو، پزیشک بڕیاری دا نەشتەرگەری دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام دوێنێ یەکشەممە نەشتەرگەری دووەمی بۆ کرا و لە ژێر بەنج بە ئاگانەهاتەوە”.
برای کچەکە ئەوەشی وت، “گلەییمان لە پزیشکەکەی هەیە، چونکە لە دوای نەشتەرگەری یەکەم هیچ گرنگیی پێنەدا، بە ئێمە نەوترابوو کە ئەم نەشتەرگەرییە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، بەڵام سکاڵاشمان تۆمار نەکردووە”.
964 دەزانێت لە یەکێک لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەری بۆکراوە، لە ماوەی دوومانگی رابردوودا ئەمە دووەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانە لە شاری هەولێر بەهۆی بچووکردنەوەی گەدە روودەدات.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی