لە کەلار چارەسەری بۆ نەکرا و بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە سلێمانی
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
منداڵێک کە پاتری قوتدابوو، درەنگانێکی شەوی رابردوو براوەتە نەخۆشخانەی شەھید ھەژار لە کەلار و دواتر بە هێلیکۆپتەر رەوانەی سلێمانی کرا..
رووداوەکە نزیک کاتژمێر 12 شەو بووە و منداڵەکە تەمەنی نزیکی دوو ساڵانە، پاتری کاتژمێری دەستی قوتدابوو.
“کە ھێنراوەتە نەخۆشخانە ھیچ کێشەیەکی نەبووە و ئۆکسجین و ھەناسەدانی ئاسایی بووە، بەڵام پاترییەکە رۆیشتبووە ناو سییەکانی و پێویستی بە نازوور بووە بۆ دەرھێنانی و لە نەخۆشخانەکەش نازوور بوونی نییە، بۆیە رەوانەی سلێمانی کراوە”، رزگار لەتیف جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید ھەژار وای وت.
هەروەها بە 964ى وت، “پزیشکی پسپۆر بڕیاری دا نەخۆشەکە رەوانەی سلێمانی بکرێت بۆ دەرھێنانی پاترییەکە، بەڵام لەسەر داوای خێزانەکەی هێلیکۆپتەری سەربازی ھاتووە و بردوویانە بۆ سلێمانی”
ئاماژی بەوەش کرد، تا ئەوکاتەی منداڵەکە لە نەخۆشخانەکە بووە تەنگەنەفەسی و کێشەی ھەناسەدانیشی نەبوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا