ئەوانەی موچەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەشە خۆراکیان بڕا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق داویەتی، هەر کەسێک یان سەرۆک خێزانێک موچەکەی لە دوو ملیۆن زیاتر بێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت، بەم بڕیارە لە پارێزگای دهۆک 721 خێزان بەشە خۆراکی بڕاوە.
قەیس وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی رێکخستنی پسولەی خۆراک لە دهۆک بە 964ی وت، ئەم بڕیاڕەی ئەنجومەنی وەزیران لەمێژە دەرچووە، سێ مانگ لەمەوبەر ئەو بڕیارە دراوە.
وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق، ساڵانی رابردوو بڕیاری ئەوەی دابوو، هەر کەسێک یان سەرۆک خێزانێک موچەکەی لە ملیۆنێک زیاتر بێت، بەشە خۆراکی مانگانەی لێ دەبڕا، بەڵام بە پێی بڕیارە نوێیەکە ئەو بڕە بووەتە دوو ملیۆن دینار.
قەیس وەیس ئەوەشی وت، لە دهۆک 721 خێزان هەن بەشە خۆراکیان بڕاوە، ئەو کەسانەن کە پلەی باڵان و موچەکەیان لە دوو ملیۆن زیاترە، بڕیارە ئەو بەشە خۆراکەی دەبڕدرێت بدرێت بەو خێزانانەی کە نەخۆشیان هەیە، بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی (داون)یان هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی