تایبه‌تن به‌ ژنان

سێ نەخۆشخانەی دەروونی له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێنه‌وه‌

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

سێ نەخۆشخانەى ده‌روونى لەهه‌رێمی کوردستان دەکرێنەوە و یەکێک لەو نه‌خۆشخانانه‌ له‌ شاری دهۆک ده‌بێت و تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ژنان.

فوئاد سدیق، راوێژکاری وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەریمی کوردستان به‌ 964ـی وت، بە مەبەستی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە، بڕیاردراوە سێ نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولیر و دهۆک و سلێمانی بکرێنەوە.

وتیشی “هەرسێ نەخۆشخانەکه‌ تایبەت دەبن بە ژنان کە تووشی نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێستا لە دهۆک و هەولێر باڵەخانەی نەخۆشخانەی دەروونی ئامادەکراوە بەڵام وەزارەتی تەندروستی خەریکی ئامادەکارییەکانە بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ مەرجی نەخۆشخانەی تیادا بێت.

راوێژكاری وەزارەتى كار ئاشکراشی کرد، لە پارێزگای دهۆک شوێنێك دەستنیشانکراوە بەڵام شوێنەکە هی شارەوانی دهۆکە و لە ئێستادا هەندێک کاری دەوێت بۆ ئەوەی بخرێتە سەر تەندروستی دهۆک.

روونیشیكرده‌وه‌،  ستافیش بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئامادەکراوە و نزیکەی 21 کەس لەم نەخۆشخانەیە وەکو پزیشک دادەمەزرێن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن