ئامێدی و دێرەلوک لە تینوێتی رزگار دەکرێن

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

فەرمانگەی ئاوی ئامێدی بە نیازە پڕۆژەیەکی ئاو بۆ سەنتەری ئامێدی و ناحیەی دێرەلوک جێبەجێ بکات، لەو رێگەیەوە کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی بهێنێت.

لە سەنتەری ئامێدی پڕۆژەکە دەکەوێتە گەڕەکی پشت رەزا  و لە ناحیەی دێرەلوک دەکەوێتە گەڕەکی شەهیدان و داستانی ئازادی، گوژمەی پڕۆژەکە 320 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

ئەندازیار بەشار حەجی، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ئامێدی بە 964ی وت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەمی ئاو لەو گەڕەکانە چارەسەر دەبن، بە دانانی 15 هەزار مەتر بۆری.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ئامێدی ئەوەش دەڵێت، لە پڕۆژەکەدا هەزار و 500 ماڵ لەو گەڕەکانە لێی سوودمەند دەبن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی