یانەی دهۆک ژێرخانی خۆی نوێ دەکاتەوە

+964
هیڤی دێوالی- دهۆک

یانه‌ی دهۆك هه‌رسێ یاریگه‌ی خۆی نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه‌، بڕیاره‌ یاریگه‌کان بەر لە دەستپێکردنی وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراق ئامادە دەبن.

بڕیارە سبەی 9.8.2023 كاره‌كانی نۆژەنکردنەوەی سێ یاریگه‌كه‌ی یانه‌ی دهۆک ده‌ستپێبكات و هەوڵی ئەوەش دەدرێت پێش دەستیپێکردنی وەرزی نوێ یاریگه‌كان ئامادەبن.

شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک بە 964ی وت، “یاریگای سێیەم شوێنی زیاتر لە هەزار کەسی بۆ دروست دەکرێت، چونکە گلەیی زۆر هەبوو لە خولی نایابی کوردستان شوێنی دانیشتنی جەماوەری تێدت نەبوو.

یاریگه‌ی سێیه‌می یانه‌ی دهۆك چیمه‌نی ده‌ستكرده‌.

ئاماژەی بەوەش کرد، یاریگه‌ی دووەم چەند ساڵێكه‌ بە کەڵکی یاریكردن تێیدا نەمابوو، لە سەرەتای مانگی نۆدا دەست بە نوێکردنەوەی چیمه‌نه‌كه‌ی دەکرێت.

“بودجەی نۆژەنکردنەوەکە دیاریی نه‌كراوه‌، به‌ڵام كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان لە لایەن سەرۆکی هەرێمه‌وه‌ بڕیاری لێدراوه‌”، شڤان محەمەد وای وت.

یانەی دهۆک دوای زیاتر لە 10 ساڵ بە هۆی دۆخی خراپی دارایی و كارگێڕییه‌وه‌، لە بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق دووربوو، بەڵام وەرزی رابردوو گه‌ڕایه‌وه‌ خوله‌كه‌ و له‌ كۆتایی وه‌رزدا له‌ پله‌ی نۆیه‌مدا گیرسایه‌وه‌.

964 دەزانێت ئێستا یاریزانەکانی یانه‌ی دهۆك لە یاریگه‌ی پیرس مەشق دەکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا