نەخۆشخانە تاقانەکەی فریاکەوتنی بەردەڕەش بێ ئامیری پزیشکی و کارمەندە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش مانگیکە تەواوبووە، بەڵام ئامیری پزیشکی و پزیشک و کارمەندی بۆ دابین نەکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە لەسنوری بەردەڕەش هیچ نەخۆشخانەیەک نیە و ئەوەی هەیە بنکەی تەندروستییە.
نارین عومەر موسا، بەرێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بە 964+ـی وت؛ نەخۆشخانە تاقانەکەی فریاکەوتنی بەردەڕەش لە پێنجی ئەیلولی ٢٠٢١ دەستکراوە بە درووستکردنی، ماوەی پڕۆژەکەش ٣٠٠ رۆژ بوو، هەروەها گۆژمەی پرۆژەکەش ٩٦٠ هەزار و٦٣٠ دۆلارە، لەلایەن کۆمپانیای جان جیهانەوە دروستکراوە، وەکو بینا مانگێکە تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامیرێک و پزیشک و کارمەندێکی بۆ دابیننەکراوە.
دکتورە نارین عومەر ووتیشی؛ “نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک و چەند شوێنێکی تر کردووە تاوەکو ئامێرە پزیشکییەکان و پزیشک و کارمەندمان بۆ دابین بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچیان دابین نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی قەزاکە زۆر پێویستییان بەو نەخوشخانە هەیە، ئێستا بۆ نەشتەرگەری و کۆمەڵێک نەخۆشی تر روو لە ئاکرێ و دهۆک و شارەکانی تر دەکەن”.
بەپێی ئەو ماوەیەی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەستنیشانکراوە دەبوو لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ نەخۆشخانەکە تەواو بوایە.
جەمیلا محەمەد، نوێنەری قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە 964+ی وت؛ “زیاتر لە ١٠ جار بە مەیدانی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەشم کردوە، لەرێگای ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەفەرمی داوام لە وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک کردووە، کە بە زووترین کات پێداویستیە پزیشکەکان بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت، هەر دەڵێن بەمنزیکانەو تا ئێستا هیچ دیار نیە، خەونی خەڵکی بەردەڕەش ئەوەبوو زوو تەواو بکرێت ئێستا تەواو بووە، بەڵام نە ئامێری پزیشکی هەیە و نە کارمەند، خەڵکی ئێمە بێزار بووە لەوەی بۆ هەر نەخۆشیەک سەرەدانی ئاکرێ و دهۆک وشارەکانی تر بکات”.
جەمیلا محەمەد وتیشی؛ خەڵکی قەزاکە دڵنیا دەکەینەوە کەوا بەردەوام بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین، “بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن جارێ پارەی پێویست بۆ ئامیرە پزیشکییەکان دابین نەکراوە، ئەمە ستەمێکی گەورەیە و دەبوو پێش دوو مانگ خەڵکی ناوچەکە سوودیان لەنەخۆشخانەکە وەرگرتبا”.