هێڵێکی شەمەندەفەر لە عێراق. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
عێراق: 16 کیلۆمەتر زەویمان بۆ هێڵی شەمەندەفەر نەداوەتە ئێران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە 16 کیلۆمەتر خاکی وڵاتەکەی رادەستی ئێران کردبێت بۆ راکێشانی ھێڵی شەمەندەفەر و دەڵێت، ئێران بۆ پاککردنەوەی لە مین کار لەو سنورەدا دەکات و وەک خاکی عێراقیش دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 4.8.2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ھەواڵی دەستبەرداربوون لە خاکی عێراق لە چوارچێوەی پڕۆژەی راکێشانی ھێڵی ئاسنینی شەلامچە –بەسرە دوورە لە راستییەوە و “ھەرای راگەیاندنە”.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا 500 مەتر زەویشی گەڕاندووەتەوە کە لەلای ئێران بووە.
راکێشانی ھێڵی ئاسنین و دروستکردنی وێستگەکانی لە ئەستۆی عێراقە و لایەنی ئێرانیش 16 کیلۆمەتر خاکی عێراق لە مین پاکدەکاتەوە و پردێکی کەشتیوانیش لەسەر شەتولعەرەب دروستدەکات، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق وا دەڵێت.
ھێڵی ئاسنینی شەلامچە – بەسرە درێژییەکەی ٣٢ کیلۆمەترە و بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ تەواوبێت، بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، لە قۆناغی داھاتوودا پڕۆژەکە درێژدەبێتەوە و دەیانەوێت لەرێگەی سوریاوە “کەنداوی فارسی” بە دەریای سپی ناوەڕاست ببەستنەوە.