شەقامی ناو بازاڕی هەڵەبجە نۆژەندەکرێتەوە

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

بەهۆی تەواو خراپ بوونی رێگاکەوە شەقامی گشتی ناو بازاڕی هەڵەبجە لە هەفتەی ئایندەدا نۆژەندەکرێتەوە.

نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگاکە لە فولکەی عومەری خاوەرەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە دەبێت.

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە رێگەی 964ـەوە دوکانەکانی ناوبازار ئاگادار دەکاتەوە کە هەر کارێکیان هەیە لەم هەفتەیەدا بیکەن و هەفتەی داهاتوو بەهۆی قیرتاوکردنی رێگاکەوە هاتوچۆ دەوەستێت.

بیلال سەلام، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئێستا ئامادەن بۆ نوژەنکردنەوەی رێگاکە، بەڵام ئەم هەفتەیە مۆڵەت دەدەنە دوکاندار و کاسپکارەکانی ناوبازار هەر کارێکیان هەیە بیکەن هەفتەی داهاتوو دەستدەکەن بە قیرتاوکردن.

گوژمەی پرۆژەکە لەلایەن شارەوانییەوە دابینکراوە و بڕەکەی 85 ملیۆن و 100 هەزار دینارە.

شەقامی گشتی هەڵەبجە بە سێ قۆناغ نۆژەندەکرێتەوە پاش ئەوەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەشێکی زۆری قیرتاوکرا، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو قۆناغی سێیەم و کۆتایی ئەنجامبدرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی