لە دهۆک
گرێیەکی 4.6 کیلۆیی لە سکی ژنێکدا دەرهێندرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە دهۆک دکتۆرەکان گرێیەکی چوار کیلۆ و 600 گرامییان لە سکی ژنێکدا دەرهێنا.
ژنەکە تەمەنی 50 ساڵە و خەڵکی پارێزگای دهۆکە، توشبوو بووە بە شێرپەنجەی هێلکەدان.
ئێستا تەندروستی ژنەکە تا رادەیەکی زۆر جێگیرە بە قسەی دکتۆرەکان.
دکتۆر شەماڵ عەبدولواحید رێکانی بە 964ـی وت، شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی دهۆکی تایبەت نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، ژنەکە ئازاری هەبووە و کەس نەیزانیوە هۆکارەکەی ئەمەیە.
وتیشی، گرێی هێلکەدان لە ریزبەندی سێیەم شێرپەنجە مەترسیدارەکان دێت لە ژناندا و پێویستە ئاگایان لە خۆیان بێت و ئەگەر گومانیان هەبوو زوو پشکنین بکەن.
ئەو دکتۆرە نیشانەکانی بۆ 964 ئاشکراکرد و وتی، قەڵەوبوونی لەناکاو، ئازاری سک و حەوز، زوو تێربوون، زوو ماندوێتی، زوو دابەزینی کێش، تێکچوونی کاری ریخۆڵەکان و میزەڕۆ و بینینی خوێن بەر لە سووڕی مانگانە لە نیشانەکانی گرێی هێلکەدانن.