یەکێک لە ئەو بارکۆدانەی کە تایبەتە بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە. فۆتۆ: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
سکاڵاکردن لە ناو فەرمانگەکانی هەرێم کرا بە ئەلیکترۆنی
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
سیستمی سکاڵای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان چالاک کرا، لەمەودوا لە رێگەی ئەم سیستمەوە هاوڵاتیان دەتوانن هەر بە مۆبایلەکانیان سکاڵا لەسەر ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تۆمار بکەن.
سیستمەکە وەک جێگرەوەی سندوقی سكاڵاکردن وایە، لە رێگەی بارکۆدێکەوە کە لە شوێنە گشتییەکانی فەرمانگەکاندا دادەنرێت، هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت بگات بە وێبسایتێک و تێیدا سکاڵاکەی بنووسێت.
هەر فەرمانبەرێک لە شوێنی کارەکەی بارکۆدی تایبەت بە خۆی دەبێت و لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵا، هیچ زانیارییەكی سکاڵاکار دیار نابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.8.2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، “ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی دەکەین بۆ هەموو وەزارەتەکان و دامودەزگاکان و ئاگاداریان دەکەینەوە، کە سیستمی سکاڵا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکەن”.
پێشتر ئەم سیستمە تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی باجی دەرامەتی هەولێر دوو، وەک تاقیکردنەوە کاری پێدەکرا و لە ئەمڕۆوە لە هەموو شوێنەکانی دیکە کارا دەکرێت.