لەمەودوا دەبێت بۆ رووخاندنی خانووەکەت مۆڵەت وەربگریت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
شارەوانیی سلێمانی بڕیارێکی تازەی دەرکردووە و دەڵێت، لەمەودوا هەر هاوڵاتییەک ئەگەر نیازی رووخاندنی خانوو یان باڵەخانەکەی هەبێت، دەبێت لە پێشدا ئەوان ئاگادار بکاتەوە، ئەگەرنا مۆڵەتی پێنادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.8.2023، زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، شوێنێک بۆ فڕێدانی پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی رووخاندنەکە دیاری دەکرێت و دەبێت بگوازرێتەوە ئەو شوێنە.
وتیشی، “شوێنی فڕێدانەکە لە ناوچەی تانجەرۆیە و دەبێت خاوەن خانوو یان باڵەخانە، لەسەر تێچووی خۆی خۆڵ و خاشاکەکە فڕێبدات”، بەو مەرجە رێگەی پێدەدرێت موڵکەکەی برووخێنێت.
رۆژانە زیاتر لە هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاکی سلێمانی لە تانجەرۆ کۆدەکرێتەوە، کە لە 60%ـی مادە خۆراکییەکانە.