نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکەی دەربەندیخان راگیراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
نەخۆشخانەی شەھید تۆفیق لە دەربەندیخان، ماوەی نزیکەی مانگێکە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی راگیراوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت بەم نزیکانە دەستپێدەکەنەوە.
راگرتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە بەھۆی گرفت لە دەرخستەی پرۆژەکە بووە لە نێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و تەندروستی سلێمانی، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ى وت، “ھەوڵی چارەسەرکردنی دراوە و لە رۆژانی داھاتودا کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە دەکاتەوە”.
نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی شەھید تۆفیق یەکێک بووە لە داواکاریەکانی ھاوڵاتیانی قەزای دەربەندیخان کە ماوەی نزیکەی دوو مانگ لەسەرشەقام بوون بۆ داواکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری لە قەزاکەیان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی