تەندروستی گەرمیان بۆ کارمەندانی: لە سبەینێوە خواردن لەگەڵ خۆتان مەهێنن

964+

هونه‌ر فارس . گه‌رمیان

بەهۆی قەرزی چێشتخانەوە، زیاد لە شەش مانگە کارمەندانی تەندروستی گەرمیان بێ نان و ئاون و ئەمڕۆ ئەو کێشەیان بۆ چارەسەرکرا.

ئەو کۆمپانیایەی پێشتر خواردنی بۆ کارمەندانی تەندروستی دابین دەکرد، دوای تەواوبونی گرێبەستەکەی بەهۆی سەرفنەکردنی پارەی نەختینەی لە بانک و قەرزی زۆری چێشتخانەکانەوە ئامادە نەبو گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

لە ئەمڕۆشەوە کۆمپانیایەکی نوێ خواردن بۆ کارمەندانی تەندروستی دابین دەکات.

نەبونی خواردن گرفتی زۆری بۆ کارمەندانی تەندروستی دروستکردبوو، هەندێک جار لە ماڵەوە و زۆر جار بە ناچاری لەڕێگەی دلیڤەریەوە داوای خواردنیان دەکرد، بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر چەند جارێک مانیان لە کارکردن گرت.

سیروان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، بۆ 964 وتی “پرۆسەی تەندەرینی کۆمپانیاکە تەواو بوە، لەمڕۆوە دەستبەکار دەبێت و چیتر کارمەندانی تەندروستی گەرمیان بێ خواردن نابن”.

لەبارەی قەرزەکانی سەر تەندروستی گەرمیانیش ئاماژەی بەوەکرد، تاکو ئێستا نزیکەی 200ملیۆن دینای عێراقی کۆمپانیای پاککەرەوە و دابینکردنی خواردنیان لا ماوە.

964دەزانێت، جگە لە دابینکردنی خواردن، دوای نزیکەی شەش مانگ لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان، دوێنێ 1.8.2023کۆمپانیای پاککەرەوەش لە تەندروستی گەرمیان دەستبەکار بوو.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن