وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەمزوانە كێشەی بەنزین چارەسەر دەکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، گرانی نرخی بەنزین دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوەیە پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕدراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 1.8.2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، هەوڵەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕکردووەتەوە و ” كێشەی بەنزین لە ماوەیەكی زۆر كەمدا چارەسەر دەکرێت”.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت، دوای رێگەپێدان بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە 30.7.2023، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت.
“بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10.7.2023، پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین”، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وا دەڵێت.
بەپێی ئامارەکانی ئەو وەزارەتە، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە سێ بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە، ئەو بڕەی هاوردە دەکرێت، رۆژانە دەکاتە دوو ملیۆن و 360 هەزار لیتر.