چاکنەکرێن دەوام رادەگرن
لەم سنورەی سلێمانی 25 خوێندنگا مەترسی رووخانیان لەسەرە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، زیاتر لە 25 خوێندنگا بەهۆی کۆنی بیناکانیان مەترسی رووخانیان لەسەرە و ژیانی ئەو قوتابیانەی لەو خوێندنگایانەدا دەخوێنن لە مەترسیدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 31.7.2023، بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر ئەو 25 قوتابخانەیە نۆژەننەکرێنەوە ئەگەری راگرتنی دەوام هەیە تێیاندا، چونکە بوونەتە مەترسی بۆسەر ژیانی قوتابیان.
“لەگەڵ ژمێریاری وەزارەتی پەروەردەدا لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو ناوەندی خوێندنانەمان بۆ نۆژەنبکەنەوە، ئەگەر بەدەم داواکەمانەوە نەیەن، رەنگە خوێندن لە وناوەندانەدا بوەستێت، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی مامۆستا و قوتابیانیش هەیە،” بەناز رەمەزان وای وت.
لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، 405 ناوەندی خوێندن و باخچە هەن و 152 هەزار و 500 قوتابی وانەیان تێدا دەخوێنن.
ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو سنورەی پەروەردە لە سلێمانی، 18 هەزار و 500 کەسن.